کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هەونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی

12:18 - 24 خاکەلێوه 2725

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هونەرمەندی ناوداری کورد سەید عەلی ڕەحیمپوور ناسراو بە سەیدعەلی سەردەشتی لە شاری ئیسکیلستوونا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 هونەرمەند عەلی سەردەشتی ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە ئاوایی قوزلووی گەورەی مەهاباد لەدایک بووە و ساڵی ١٣٣٩ دێتە گوندی باساوێ لە ناوچەی سەردەشت. ساڵی ١٣٥٤ دەبێتە کارمەندی دەنگوڕەنگی مەهاباد و تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتیی لە ١٣٥٧ لەوێ بەردەوام دەبێت.

ناوبراو وێڕای گۆرانی شارەزاییەکی زۆری لە بەیتبێژیدا هەبوو. وەک بۆ خۆی لە بیرەوەرییەکانی نووسیویەتی خاوەنی ٢٥ بەیت و ٩٠٠ هەڵبەست بووە، کە بۆخۆی ئاهەنگی بۆ داناون و گوتوونی.

بە هەوڵ و تێکۆشانی نیزیکانی، بەتایبەت کوڕی خۆی "ڕەحیم" تا کاتی کۆچی دوایی ناوبراو دوو کتێبی لە ژێر سەردێڕی "خورشیدی خاوەر و خەرامانی چین" و "بەیت و حەیرانی سەردەشت" تایبەت بە بەیت و حەیران و کتێبێکیشی لە ژێر ناوی "موژدەی بەهاران" تایبەت بە هەڵبەست و گۆرانییەکانی بڵاو کرانەوە. کتێبێکی دیکەی بە ناوی "ئاوێنەی سەردەشت" تایبەت بە گۆرانییەکانی بڕیار بووە کە لە ساڵانی دواتردا چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

هونەرمەند سەیدعەلی ڕەحیم پوور ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکرات تا کاتی ماڵاوایی یەکجاری وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب ماوەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.