
لە کاتێکدا کە خەڵکی "خزڵ" و "مەلەکشایی" لە ئیلام بە یەکگرتوویی و ئاگاییەوە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کارزانیان بەڕێوە برد؛ بەڵگە و نیشانەکان پێمان دەڵێن کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە کە بە دروستکردنی شەڕی ڕەوانی، ئەم یەکگرتووییەوە تووشی ئاستەنگ بکەن و ناتەبایی بخەنە ناوچەکەوە.
ڕێوڕەسمی نەورۆزی کارزان کە لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەدا بەڕێوە چوو، وڵامێکی فەرهەنگی و سیاسی بە بەیاننامەی فاشیستیی ناسراو بە "٨٠٠ واژۆ" بوو؛ بەم حاڵەوە کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە لە گەشە و ئاگایی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەترسێت، ئەمجارەش بە شێوەی هەمیشەیی خۆی واتە هەڕەشە، دووبەرەکی نانەوە و هاندانی ڕاستەوخۆ هەوڵی تێکدانی ڕێوڕەسمەکەی دا.
لە قۆناغی یەکەمدا، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە چالاکانی فەرهەنگیی "خزڵ" هەوڵیان دا پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بگرن؛ بەڵام ئەم هەڕەشانە نەیانتوانی کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە هەبێ.
لە کردەوەیەکی هاواهەنگدا، ژوورە فکرییەکانی سپا بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لە ناوچەی کارزان، ڕای گشتییان کردە ئامانج تاکوو بێمتمانەیی دروس بکەن و ڕێک لە ڕۆژی جێژنەکەدا، کەسێکی بەدناو و سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە پێشینەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەری بووە، لەگەل گرووپێک لە لاوانی مەلەکشایی دەرگیر بوو تاکوو ڕێوڕەسمەکە تێک بدات.
ڕێژیم نەیتوانی بە هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بگرێ، بە هاندانی هەندێ کەسی ناوشیار هەوڵی دروستکردنی بشێویی لە نێوان دوو تایفەی "خزڵ" و "مەلەکشایی" دا. بەڵام جارێکی دیکە ئەوە خەڵک بوون کە بە وشیاری و یەکگرتوویی هەوڵەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردنەوە.
شۆرای فەرهەنگیی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هەوڵانە، داوای لە چالاکانی فەرهەنگی کرد تاکوو لەمبارەوە زانیاریی دروست بدەن و هەروەها داوای لە دوو تایفەی "خزڵ" و "مەلەکشایی" کرد کە بە ڕاگرتنی یەکیەتیی و پێشگرتن لە هەر جۆرە هاندانێک، لە بەرانبەر ڕێژیمێک بوەستنەوە کە مانەوەی خۆی لە بشێوی و ناتەباییدا دەبینێ.
ئەم شۆرایە هەروەها ڕایگەیاند: دووبەرەکی نانەوە لە نێوان تایفەکانی کورد، یارییەکە لە مەیدانی دوژمندا. ڕێژیمی فێڵبازی کۆماری ئیسلامی کە لەباری سیاسییەوە دۆخی نالەبارە بە کەڵکئاوەژوووەرگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ لێدان لە یەکگروویی کورد هەوڵ دەدات.
ئەم شۆرایە داوای لە چالاکانی فەرهەنگی کردووە تاکوو بە ڕۆشنگەری و گەیاندنی زانیاری، پێش بە بەردەوامیی ئەم سێناریۆ ئەمنییەتییانە بگرن و داوای لە خەڵک کرد سەبارەت بە هەر چەشنە هاندان و دەنگۆیەک وشیار بن.
لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەییدا بەرەوڕووە، یەکگرتوویی نەتەوەی کورد گەورەترین کێشەی ئەم ڕێژیمە دەبێ کە مانەوەی خۆی بە دووبەرەکیی نێووان خەڵکەوە گرێ داوە.