کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادکردنی حوکمی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە

13:02 - 24 خاکەلێوه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی شاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە بە تۆمەتی پڕۆپاگاندە دژی نیزام لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە لەم شارە مەحکووم کرا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕەسووڵپوور پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەوڵوەری ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی ئەندامبوون و پێوەندیگرتن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی، ڕادەستی بەندیخانە شنۆ کرابوو.

ناوبراو بۆ ئەم تۆمەتە وەپاڵخراوەی لەلایەن دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ، ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

لە ئێستادا و پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە بەندکرانی محەممەد ڕەسووڵپوور، دادگای شنۆ لە دۆسییەکی جیاوازدا و بە تۆمەتی پڕۆپاگاندا بە دژی نیزام، سزای شەش مانگی دیکەی بە سەر ناوبراودا سەپاند و لە هەر چەشنە مورەخەسییەک بێبەشی کرد.

ڕەسووڵپوور ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و پاشان ٢٤ی هەمان مانگ و لە دوای ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلی ئەنساری"، بەتۆمەتی پێوەندی و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو کە دواتر بەپێی ماددەی ٤٤٢ی یاسای ڕێوشوێنی تاوانەکان، حوکمەکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ کەم کرایەوە.

محەممەد ڕەسووڵپوور خەڵکی گوندی کۆنەقەڵای سەر بە شاری شنۆ و خاوەنی سێ منداڵە.