
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاک عەبدوڵڵا ڕەسووڵپوور پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی گوندی بناوێ لە ناوچەی سەردەشت، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.
کاک عەبدوڵڵا لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و حیزبی لە دایک بووە و باوک و مامێکی لە جووڵانەوەی پڕ شکۆی ساڵانی ٤٦-٤٧ ئەندامی چالاکی حیزب بوون.
کاک عەبدوڵڵا لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی ئاخوندی هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بوو بە پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ و شەهید موعینیی ئەوکات.
ناوبراو هەتا ساڵی ١٣٦٤ لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا بەوپەڕی ئازایەتیی و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی پێشمەرگایەتیی خۆی بەجێ گەیاند و دواتر بە ئاگاداریی حیزب گەڕایەوە زێدی خۆی لە گوندی بناوێ.
کاک عەبدوڵڵا لەو ماوەیەشدا کە گەڕایەوە زێدی خۆی، وێڕای کێشە و ئاستەنگەکانی ژیان و کاری تاقەتپڕووکێنی ڕۆژگار بۆ پەیداکردنی نان و ئاوێکی سەربەرزانە بۆ بنەماڵەکەی، هیچکات شۆڕش و خەباتی گەلەکەی خۆی لە بیر نەکرد و بەپێی توانای خۆی خزمەتی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی کرد.
ئاواتی گەورەی کاک عەبدوڵڵا وەک هەموو دڵسۆزانی گەلەکەی سەرکەوتنی خەبات و وەدیهاتنی ئامانجەکانی بوو، کە بەداخەوە مەرگ مۆڵەتی پێ نەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.