کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیت هێگێست: وتووێژەکان ناسەرکەوتوو بێت، هێرش دەکرێتە سەر ئێران

10:45 - 25 خاکەلێوه 2725

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا پێداگرە لە سەر ئەوەی کە پێش بە دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بگرێت، تەنانەت ئەگەر هێرشی سەربازیش پێویست بێت.

پیت هێگێست، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی فاکس نیووز وتی: "دۆناڵد ترامپ لەم پێوەندییەدا بە تەواوی جیددیە و پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕا بگات".

هێگێست زیادی کردووە، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەیهەوێت کە دۆسییەکە لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکات و بۆیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ چووەتە نێو ئەم دانیشتنانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژەکاندا بە فاکس نییوزی وت: "ئەم دانیشتنە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو، ویتکاف ئەرکێکی گەورەی بەڕێوە برد و ئەمەش هەنگاوێکی باش بوو".

هێگێست هۆشداریی دا کە ئەگەر نەتوانین لە ڕێگەی وتووێژەوە بە ئاکام بگەین، بژادەی دیکەی وەک هێرشی سەربازی لەبەر دەستدا دەبێت تاکوو دڵنیا بینەوە کە تاران هیچکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.

ناوبراو لە کۆتاییشدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هیوادارە هیچکات کێشەکە بەو ئاستەی نەگات کە پێویست بێت بۆ پێشگرتن بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە هێرشکردن بین.

وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەڵێوە لە عومان بەڕێوە چوو.

بڕیارە کە ڕۆژی شەممەی حەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی دیکە لەلایەن نوێنەرانی دوو لایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێوە بچێت.