کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دەستووری کاری وتووێژەکان تەنیا پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانە

10:54 - 25 خاکەلێوه 2725

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە دەستووری کاری دانوستانەکانی دوێنێی عومان تەنیا پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان بووە و تاران تەنیا لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ دەکات.

هەروەها بەقایی وتی: لە ئێستادا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە ئایا خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە عومان یان شوێنێکی دیکە بەڕێوە دەچێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە عومان لەو ڕۆڵە نێوەندگیرییە بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، پێدەچێت حەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی داهاتووی ئێران و ئەمریکا لە ئورووپا بەڕێوە بچێت.

هەروەها بەقایی باسی لەوە کرد کە گۆڕینی دانوستان لە شێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕاستەوخۆ لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەنگۆیەکە.

لە لایەکی دیکەوە سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی کۆشکی سپی کە بەشدارن لە دانوستانەکاندا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترامپ دەیهەوێت ڕەوتی دانوستانەکان بەخێرایی بەرەو پێشەوە بچێ.

دانوستانەکانی دوێنێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان لە حاڵێکدایە کە واشنگتۆن لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان هەڕەشەی کردەوەی سەربازی دەکات.