
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای کرماشان لە لووتکەی یەکەمی ڕیزبەندی بێکاری لە ئێراندایە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی بێکاریی کرماشان لە زستانی ساڵی ڕابردوودا لە ١٧.٤٪ بۆ ١٥.٢٪ دابەزیوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێکڕای گشتی لە ئێران تەنها لەسەدا ٠.٨٪ کەمی کردووە، واتە ٨.٦٪ بۆ ٧.٨٪ .
ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا ١٢٪ لە هاویندا ١٢.٦٪ و لە پاییزدا ١١.٨٪ ڕاگەیەندرا و لە زستانی ساڵی ١٤٠٣شدا لە ئاستی بێکاریدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی بێکاری لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ بۆ ژێر ٨٪ دابەزیوە. ئەم ئامارە بە ڕواڵەت ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێران، بەڵام شیکارییەکی ناوەندی ئاماری ئێران نیشان دەدات کە ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی کەمبوونەوەی هێزی کار و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی دامەزراندن بووە.
بەردەوام یەکەمبوونی کرماشان لە ڕیزبەندی بێکاریدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو سیاسەت و ڕێوشوێنانەی کە بۆ گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لەم پارێزگایەدا گیراونەتە بەر، یان بە گوێرەی پێویست نەبوون یان وەک پێویست جێبەجێ نەکراون.
هەروەها ڕێژەی بەشداریی ئابووری لە پارێزگاکەدا دابەزینێکی نیگەرانکەری بەخۆیەوە بینیوە، لە زستانی ساڵی ١٤٠٢ لە ٤١.٢٪ بۆ ١٤.٩٪ لە زستانی ساڵی ١٤٠٣ دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بێ هیوایی خەڵک لە بازاڕی کار و کشانەوەیان لە گەڕان بەدوای کاردا.
ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی وەرزی زستانی ساڵی ١٤٠٣ ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی چالاکی ئابووریی ئێران گەیشتووەتە ٢٦ میلیۆن و ٣٤١ هەزار کەس کە ئەمەش بە بەراورد بە زستانی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٢١ هەزار کەس کەمی کردووە.