کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پشتیوانی لە دزەکردنی حوسییەکان لە ڕۆژاوای دەریای سوور دەکات

11:40 - 25 خاکەلێوه 2725

ڕاپۆرتێکی شیکاری نوێی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکانی ''ئەلمخا'' بە نیسبەت پەرەگرتنی کاریگەریی میلیشیاکانی حوسی لە کەنارەکانی ڕۆژاوای دەریای سوور لە وڵاتانی سوودان، ئێریترە، جیبوتی و سۆمالی هۆشداری داوە و ئەوەی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە و ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی ناو بردووە.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە بوونی حوسییەکان لەم ناوچەیەدا دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو دەیە پێش ئێستا. هەوڵێک بە ئامانجی زیادکردنی کاریگەریی دەریایی و کۆنترۆڵکردنی ڕێگا سەرەکییەکان، بەتایبەتی گەرووی بابولمەندەب.

ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوونی بۆ مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و سوودان لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە میلیشیا حوسییەکان بە بووژاندنەوەی ئەو پەیوەندییانە، قەیرانی ئێستای سوودانیان بەتایبەتی ململانێی نێوان ئەرتەش و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا قۆستۆتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئێریترە دەستی بە پشتیوانیی لۆجستیکی بۆ حوسییەکان کردبوو.

بەشێکی دیکەی ئەم توێژینەوەیە لەسەر جیبوتییە. ئەم وڵاتە کە دوای حەوت ساڵ لە ساڵی ٢٠٢٣ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران دەست پێ کردەوە، بە تایبەت لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی شەڕی یەمەن، پشتیوان و یارمەتیدەری کردەوەکانی حوسییەکان بووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنگتۆن لێکۆڵینەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەیکە هاوکاریی هەندێک لە دامەزراوەکانی جیبوتی لەگەڵ حوسییەکان ئیدیعای بێلایەنی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەنگە جیبوتی بکاتە سەکۆیەک بۆ چالاکییە نایاساییەکان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکانی ''ئەلمەخا'' هاوکارییە ئاڵۆزەکانی حوسییەکان لە سوومالی و لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی "ئەلشەباب و ئەلقاعیدە"، بە نێونجیگەریی سپای پاسداران، باسی لەسەر کراوە.

ناوەندی ئەلمەخا لەم ڕاپۆرتەدا هۆشداری داوە کە ئەگەر دزەی حوسییەکان لە ڕۆژاوای دەریای سوور سنووردار نەکرێت، ئەم مەترسییە تەنیا لە یەمەن سنووردار نابێت، بەڵکوو تەواوی ناوچەکە و ئەمنییەتی کەشتیوانیی جیهانیش دەگرێتەوە.