
بەپێی خشتەی بڵاوکراوی نرخی پزیشکانی تایبەت و خزمەتگوزارییە تەندروستییە تایبەتەکان بۆ ساڵی ١٤٠٤، هێزە چەکدارەکان وەک ڕابردوو لە خزمەتگوزارییە تایبەتییەکانی بیمە لە ئێران بەهرەمەندن.
بە سەرنجێک لە سەر دوو خشتەی بڵاوکراو لەلایەن کۆمیتەی سەندیکای کارناسیی ئەنجومەنی ئیسلامیی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران، هەڵاواردن لە نێوان بیمەی خەڵک و هێزە چەکدارەکانمان بۆ دەردەکەوێت، بە شێوەیەک کە لە زۆربەی نرخی ویزیتەکاندا بیمە تەنیا ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی تێچووەکان بۆ خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە بەڵام بۆ هێزە چەکدارەکان نزیک بە ٧٠ لەسەدی هەموو تێچووەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە.
بۆ نموونە لەم دوو خشتەیەدا نرخی ویزیتی پزیشکێکی گشتی ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن دیاری کراوە کە خەڵک دەبێت نزیک بە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنی لە گیفانی خۆیان بیدەن بەڵام خاوەنی بیمەی هێزە چەکدارەکان تەنیا ٦٩٠ هەزار تمەن لە گیفانی خۆیان ئەدەن و ئەوەدوای بیمە بۆیان قەرەبوو دەکاتەوە.
ئەم جیاوازییە بە ڕوونی نادادپەروەری و هەڵاواردن لە سیستمی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی و بەگشتیی هەڵاواردن لە نێوان حەشیمەتی ئێران نیشان ئەدات کە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.
لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا هیچ جۆرە دوو پێوەرەیی یان چەند پێوەرەیی لە نێوان خەڵکداهاوشێوەی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە و هەموو خەڵک بە شێوەی یەکسان مافی کەڵکوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان هەیە.
قەیرانی ئابووری لە ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو بەتایبەتی خەڵکی هەژاری لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە و چینی دەستکورتی کۆمەڵگا زۆربەی کات بۆ دەرمانی کێشەکانیان ناتوانن سەردانی پزیشکە تایبەتەکان بکەن و بیمەش تەنیا بەشێکی کەم لە تێچووکانیان بۆ قەرەبوو دەکاتەوە.
جیا لەم بابەتە گرانیی و کەمیی دەرمان لە ئێران کێشەکەی بۆ خەڵکی ئێران چەند قات زیاتر کردووەتەوە و تەندروستیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.