
یه‌کیه‌تیی ئورووپا به ده‌رکردنی یاسایه‌کی نوێ ٧ به‌رپرسی یاسایی ـ ئه‌منییه‌تی و ٢ ناوه‌ندی پێوه‌ندیداری ڕێژیمی ئێرانی سزا دا.
ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٥ی خاکه‌لێوه دیپلۆماته ئورووپاییه‌کان هۆکاری سزادانی ئه‌و به‌رپرس و ناوه‌ندانه‌ی ڕێژیمی ئێران له‌لایه‌ن وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ئورووپایان بۆ "بارمته‌گرتن به پشتیوا‌نیی حکوومه‌تی تاران" ڕاگەیاندووە.
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک هه‌رکام له به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ندیخانه‌ی ئێڤینی تاران، چه‌ند به‌ناو دادوه‌ر و به‌رپرسی دیکه‌ی ده‌زگای به‌ناو دادوه‌ریی ڕێژیم و به‌ندیخانه‌ی سه‌ره‌کیی شاری شیراز له‌نێو پێڕستی ئه‌و سزایانه‌ی یه‌کیه‌تیی ئورووپادان.
یه‌کێک له‌و به‌رپرسه سزادراوانه‌ی ڕێژیم، عه‌باسعه‌لی حوزان به‌ناو دادوه‌ری لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای تارانه که له ده‌رکردنی سزا بۆ سه‌ر دژبه‌رانی سیاسی، ژنانی ناڕازی به حیجابی زۆره‌ملێ، که‌مینه ئاینییه‌کان به‌تایبه‌ت به‌هاییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کی بووه.
هه‌روه‌ها هیدایه‌توڵڵا فه‌رزادی، سه‌رۆکی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین که له سنووردارکردنی مافی به‌ندکراوانی سیاسی به‌تایبه‌ت پێوه‌ندیگرتن و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌کانیان، سه‌پاندنی سزای ژووری تاکه‌که‌سی خۆسه‌رانه و له دروستکردنی دۆخی ناله‌بار بۆ به‌ندکراوانی سیاسی ده‌ستی هه‌بووه، له پێڕستی سزادراوانی ئورووپادایه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا چه‌ند به‌رپرسێکی دیکه وه‌کوو مێهدی نێعمه‌تی، سه‌رۆکی حیفازه‌ت و ئیتلاعاتی به‌ندیخانه‌کانی پارێزگای فارس، کامران زار‌ع به‌ناو دادوه‌ری پێداچوونه‌وه‌ی شیراز، سه‌ید مه‌حموود ساداتی به‌ناو دادوه‌ری ئینقلابی شیراز، عه‌لی ساڵحی به‌ناو دادستانی گشتیی تاران، محه‌ممه‌د خوسره‌وانی، به‌ناو دادستانی تایبه‌تی دادگای ئینقلاب له‌و به‌رپرسانه‌ی ڕێژیمن که له‌لایه‌ن ئورووپاوه به‌هۆی پێشێلکردنی مافی به‌ندکراوان، ده‌رکردنی سزای نادادپه‌روه‌رانه دژی دژبه‌رانی ڕێژیم، سه‌رکوت، ئه‌شکه‌نجه و سزا دراون.
هه‌روه‌ها به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی شیراز به‌هۆی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، له‌سێداره‌دانی به‌ربڵاو و ده‌سبه‌سه‌رکردنی نایاسایی به‌شێوه‌ی بارمته‌گرتن له وڵاتانی ئورووپایی و لقی یه‌کی به‌ناو دادگای ئینقلابی شیراز به‌هۆی ده‌رکردنی سزای نادادپه‌روه‌رانه، له‌سێداره‌دانی دژبه‌ران و سه‌رکوتی که‌مینه ئایینی و ئیتنیکییه‌کان، ئه‌و دوو ناوه‌ندەی ڕێژیمن که له‌لایه‌ن وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ئورووپاوه سزای داون.
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران به به‌بارمته‌گرتنی شارۆمه‌ندانی ئه‌و وڵاتانه به تۆمه‌تی "سیخوڕی" و "هه‌وڵ دژی ته‌ناهیی میللی" و که‌ڵکوه‌رگرتن لێیان بۆ گرتنی ئیمتیاز، تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
ژان نۆئێل بار‌و، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رانسه، ڕۆژی ١٣ی خاکه‌لێوه له پارلەمانی ئه‌و وڵاته‌دا ڕایگه‌یاندبوو که گوشار بۆ سه‌ر ئێران له‌مه‌ڕ ئازادکردنی شارۆمه‌ندانی فه‌رانسه‌یی زیاتر ده‌که‌ین.
ناوبراو هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندبوو که به زووترین کات به‌هۆی ده‌سبه‌سه‌رکردنی دوو شارۆمه‌ندی ئه‌و وڵاته له دیوانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا دژی ڕێژیمی ئێران سکاڵا تۆمار ده‌که‌ن.