
گۆڤاری سپێکتیتۆر لە وتارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران نووسیویەتی کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی دانوستانەکان هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ڕوونتر بووەتەوە، تاران دەیەوێت کات بکڕێت و خۆی لە هەر ئیمتیازێکی نەگەڕاوە بەدوور بگرێت.
ئەم گۆڤارە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی تاران یان زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی بەرجام یان ڕاکێشانی دانوستانەکان بۆ پرۆسەیەکی درێژماوە و پرتووکاوە کە ڕێگری لە سزای زیاتر و لێدانی سەربازی دەکات و بۆ ڕێژیمی ئێران کات سەرمایەی سەرەکییە.
سپێکتیتۆر باسی لەوە کردووە دوای لێدانی قورس لە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، لەوانە زیانی زۆر قورس لە حەماس، لاوازبوونی جیهادی ئیسلامی و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، تاران بۆ خۆتەیارکردن و و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێویستی بە قۆناغێکی ئارام هەیە.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن'' بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی کۆشکی سپی کە بەشدارن لە دانوستانەکاندا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترامپ دەیهەوێت ڕەوتی دانوستانەکان بەخێرایی بەرەوپێش بچێ.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە یەکەمین دانیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت، پێتەختی عومان کۆتایی پێ هات. لە دوای تەواوبوونی دانوستانەکان، هەر دوو لایەن لە سەر ئەرێنیبوونی ڕەوتی خولی یەکەمی دانوستانەکان جەختیان کردەوە.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان لە حاڵێکدایە کە واشنگتۆن لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان هەڕەشەی کردەوەی سەربازی دەکات.