کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهەشتی گەشتیاران شوێنی بۆ مانەوەی گەشتیارەکان نییە

12:35 - 26 خاکەلێوه 2725

پارێزگای سنە وەک یەکێک لە گرینگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەوڕووی کێشەی کەمی و نەبوونی هۆتێل بۆ گەشتیارانە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی گەشتیاران لەم پارێزگایە.

بەپێی ڕاپۆرتی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، نەبوونی هاوسەنگی لە سیستمی بەڕیوەبەریی شارەکان و لاوازی لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و هۆتێلەکان، پیشەی گەشتیاریی لەم پارێزگایەدا بەروڕووی کێشە و هەروەها ڕەخنەی گەشتیاران کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پارێزگایەک کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەرفەتی لە بواری گەشتیاریدا هەیە، بەهۆی نەبوونی ژێرخانەکان و هەبوونی بەربەست بۆ وەبەرهێنەران، بەرەوڕووی ئەم پرسە گرینگە بووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە لە پارێزگای سنەدا ٨ هۆتێلی نیوەچڵ ماوەتەوە کە دەتوانێت ڕێژەی تەخت مانەوە لەم پارێزگایەدا لە ٦ هەزار بۆ ٧ هەزار و ٤٠٠ تەخت بگوازێتەوە.

بەشێک لە کێشەکانی نەبوونی هۆتێل لە پارێزگای سنە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی ناوچە کوردستانییەکانی چوارچێوەی ئێران و هێشتنەوەی ئەم ناوچانە وەک ناوچەی بێبەشکراو.

یەکێک لە بەربەستەکانی دەسەڵات لەم بوارەدا کەمبوونی پڕۆژە حکوومەتییەکان لەم ناوچانەدایە، بە شێوەیەک کە دەسەڵات نە تەنیا خۆی پڕۆژەی پەرەدان بە گەشتیاری و هۆتێلسازی لە شارەکانی پارێزگای سنەدا ئەنجام نادات بەڵکوو تا ڕادەیەک کە دەتوانێت بەربەست دەخاتە بەردەم وەبەرهێنەران لەم بوارەدا.