کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوبوونەوەی دووهەمین فایلی دەنگیی کۆبوونەوەی مونتەزێری و ئەندامانی هەیئەتی مەرگ

19:04 - 26 خاکەلێوه 2725

کاناڵی "بی بی سی" بۆ جارێکی دیکە فایلێکی دەنگیی لە کۆبوونەوەی حوسێنعەلی مونتەزێری، قایەممەقامی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ سێ کەس لە ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ"، بڵاو کردەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە قوم بەڕێوە چووە، مونتەزێری ڕەخنەی توند لە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی دەگرێت و دەڵیت: "وێلایەتی فەقێ بووەتە ویلایەتێکی قیزەون".

حوسێنعەلی نەیێری، حاکمی شەرعی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا مرد، مورتەزا ئێشراقی، دادستانی تاران و ئێبراهیم ڕەئیسی جێگری دادستان، کە بە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ دەناسرێن لەم کۆبوونەوەیەدان.

مستەفا پوورمحەممەدی، نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین، بە پێچەوانەی کۆبوونەوەی یەکەم کە لە ٢٤ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا گیرابوو و فایلە دەنگییەکەی پێشووتر لەلایەن "بی بی سی"ـیەوە بڵاو کرابوویەوە، لەم کۆبوونەوەی دووهەمەدا نییە.

لە فایلەکەدا ناوی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی وەک خامنەیی، سەرۆککۆماری ئەوکات، ڕەفسەنجانی، سەرۆکی مەجلیس، ئەحمەد خومەینی بەرپرسی بەیتی ڕێبەری و عەبدولکەریم مووسەوی ئەردەبیلی، بەرپرسی شۆرای باڵای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵیان لە سەر سێدارەکانی ساڵی ١٣٦٧ باس دەکرێت.

گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧، بە فەرمانی خومەینی هەزاران بەندکراوی سیاسی بە کۆمەڵ لە سێدارە دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا خرانە ژێر خۆڵەوە و هیچکات تەرمی ئەم کەسانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرایەوە.

خومەینی لە فەرمانەکەیدا وتبووی: "ڕەحم بە موحاربەکان ساویلکەییە و پتەویی ئیسلام لەهەمبەر دوژمنانی خوا لە بنەماکانی نیزامی ئیسلامییە، هیوادارم ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بە تووڕەیی، ڕق و کین لە دوژمنانی ئیسلام ڕەزامەندیی خوای گەورە بەدەست بهێنن و تووشی هیچ گومان و دوو دڵییەک لەم کارەدا نەبن".

خومەینی لە حوکمەکەیدا حوسێنعەلی نەیێری، مورتەزا ئێشراقی و نوێنەرێک لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە کە مستەفا پوورمحەممەدی دەبێت، وەک ئەندامانی سەرەکی بۆ لەسێدارەدانەکان دیاری دەکات.

لە بەشێکی دیکە لە فایلەکەدا حوسێنعەلی مونتەزری بە ڕەخنەیەکی توند لە لەسێدارەدانەکان دەڵێت: "ویلایەتی فەقێ لەلای خەڵک قیزەون بووەتەوە و خەڵک وەزاڵە هاتوون".

مونتەزری درێژە بە قسەکانی ئەدات و دەڵێت: "ئەحمەد خومەینی و ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی حوکمی لەسێدارەدانەکان، پێکەوە دەستیان داوەتە یەک".

مونتەزری سێ مانگ پاش ئەم کۆبوونەوەیە لە قایەممەقامیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەلا دەنرێت.