
نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت بەرنامەکانی پیتاندنی ئورانیۆم لە سەرووی ٣.٦٧ لە سەدەوە ڕابگرێت.
نووسینگەی ستیڤ ویتکاف ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی ئاسایش و سەقامگیربوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت کۆماری ئیسلامی بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندن ڕابگرێت.
ویتکاف پێش دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە لە وتووێژێک لەگەڵ فاکس نیووز ڕایگەیاندبوو کە ئێران هیچ پێویستی بە پیتاندنی سەرووی ٣.٦٧ لە سەد بۆ بەرنامە ئاشتیخوازانەکەی نییە بەڵام ئەوان لە ئێستادا سەروو ٦٠ لە سەد پیتاندنیان ئەنجام داوە و ئەمەش هیچ پاساوێکی نییە.
جێی ئاماژەیە پیتاندن لە ئاستی ٣.٦٧ لەسەد ئەو ڕێژەیەیە کە لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ و ناسراو بە بەرجام بۆ ئێران دیاری کرابوو.
هەر لەم پێوەندییەدا کارولین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ بۆ جارێکی دیکە جەختی کردووەتەوە کە ئێران هیچکات نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و هەروەها دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆتایی پێ بێنێت.
ناوبراو پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەبەست لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکان لەلایەن ترامپەوە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
بەم پێیە ڕوون نییە کە ئایا دەوڵەتی ترامپ لە وتووێژەکاندا داوا لە تاران دەکات بە گشتی بەرنامە ناوکییەکانی وەلا بنێت یان دەتوانێت بەرنامە ناوکییە ئاشتیخوازانەکەی درێژە پێ بدات و تا ئاستی ٣.٦٧ لە سەد پیتاندن ئەنجام بدات.
بڕیارە کە دانیشتنی دووهەمی نێوان نوێنەرانی دوو لایەن ڕۆژی شەممەی حەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێران کاتێکی یەکجار کەمی لەبەر دەستدایە و ناتوانێت وتووێژەکان زۆر درێژە پێ بدات و وەک جارانی ڕابردوو بیباتە قۆناغێکی درێژخایەن و ماندووکەرەوە.