کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانله‌ده‌ستدانی نزیکەی ٤ هه‌زار کرێکاری کانگاکان له‌ ئێران له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا

11:06 - 27 خاکەلێوه 2725

ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیم باسی له‌ گیانله‌ده‌ستدانی ٣ هه‌زار و ٨٢٦ کرێکاری کانگاکانی ئێران له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا کردووه.

ناونده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیم به‌ سه‌رنجدان به‌ دۆخی کانگاکانی ئێران له‌ دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی له‌وه‌ کردووه‌ له‌ ساڵه‌کانی ١٤٠٠ هه‌تا ١٤٠١ زیاتر له‌ ٣ هه‌زار و ٨٢٦ کرێکار به‌هۆی ڕووداوی کاره‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌، ئه‌و ٣ هه‌زار و ٨٢٦ کرێکاره‌ی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ به‌شێکن له‌و ٨٤ هه‌زار و ٦٣٨ کرێکاره‌ی که‌ تووشی ڕووداوی کار بوونه‌.

له‌و ڕاپۆرته‌دا به‌ ئاماژه‌دان به‌ ڕێژه‌ی ڕووداوی کار له‌ کانگاکانی ئێراندا نووسراوه‌، له‌ ساڵی ١٣٩٦ـەوە هه‌تا ١٤٠٠، ٨ هه‌زار و ٤٩١ ڕووداوی کار له‌ کانگاکانی ئێراندا ڕوویان داوه‌ و ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش به‌ شێوه‌ی نێونجی نزیک به‌ ٥ ڕووداو له‌ هه‌ر کانگایه‌ک نیشان ده‌دات.

هه‌ر به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیم له‌ ساڵی ١٤٠٠دا زیاترین ڕووداوی کار ‌تایبه‌ته‌ به‌ کانگای به‌ردی ئاسن به‌ ٣٩٠ حاڵه‌ت و کانگای خه‌ڵووزەبه‌ردینه‌ به‌ ٣٦٨ حاڵه‌ت.

‌نەبوونی کەرەستەی بەڕۆژ و پێویست، کەم ئەزموونی و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی دروست و پێویست، هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی کانگاکا لە ئێران بە ئەژمار دێن.

کاره‌ساتبارترین ڕووداوی کاری کانگاکان له‌ ئێراندا لە ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان ڕووی دا که‌ له‌ تەقینەوەیەکدا بەهۆی دزەی گازی مێتان لە یەکێک لە توونێلەکانی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەبەس، ٥٠ کرێکاری کانگاکە کوژران و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.

 شایانی باسه‌ گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڕووداوی کار له‌ دوای ڕووداوی مردن به‌هۆی ڕووداوی هاتۆچۆ دووهه‌مین هۆکاری مه‌رگ له‌ ئێرانە.