کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی باڵای حەماس لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

11:16 - 27 خاکەلێوه 2725

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری غەززە ئەندامێکی باڵای حەماسی بە ناوی مەحموود ئەبوو حەسیرە کوشتووە. ئەبوو حەسیرە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٤ هەبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، ئەرتەشی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری نێوخۆی ئەو وڵاتە (شین‌بێت) ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە شاری غەززە، مەحموود ئیبراهیم حەسەن ئەبوو حەسیرە، ئەندامی باڵای یەکەی نوخبەی حەماس و یەکێک لە فەرماندە سەرەکییەکانی ئەو گرووپە، کوژراوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمنییەتی ئیسرائیل، ئەبوو حەسیرە کە بە دەستی ڕاستی عیزەدین حەداد، فەرماندەی تیپی غەززەی حەماس ناسراوە، لە هێرشەکانی ڕابردوودا بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە.

بەئامانجکردنی ئەو فەرماندەیە بەشێکە لە ستراتێژیی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی پێکهاتەی فەرماندەیی نیزامیی حەماس. ستراتێژییەک کە بە تایبەتی دوای هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ چڕتر بووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەرتەشی ئیسرائیل و ''شین‌بێت''دا ئاماژە بەوە کراوە، عەمەلیاتەکانی دەستنیشانکردن و بەئامانجگرتنی ئەندامانی حەماس بەردەوامە.