کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بێ وڵام؛ لوڕستان بە تۆز و خۆڵ دەورە دراوە

11:34 - 27 خاکەلێوه 2725

لە کاتژمێرکانی کۆتایی ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە، تۆز و خۆڵێکی زۆر کە لە بیابانەکانی عێراق و سعوودیەوە بەرز بووەوە، ئاسمانی لوڕستانی تاریک کرد و کوالێتیی هەوای گەیاندە ئاستێک کە بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای لوڕستان بە "تەواو مەترسیدار" وەسفی کرد.

چڕیی گردیلەکان لە هێندێک ناوچەی ئەو پارێزگایە لە هەر مێتری سێجادا ٥٠٠ مایکرۆگرامی تێپەڕاندووە؛ ژمارەیەک چەند بەرابەری سنووری ڕێگەپێدراو کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ڕاگەیەندراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دۆخەکە نەتەنیا جێگەی نیگەرانییە، بەڵکوو زۆر مەترسیدارە.

کامران فەرمان پوور، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی لوڕستان، جەختی لە سەختی قەیرانەکە کردەوە و ڕایگەیاند: بەرزترین ئاستی هۆشداریمان لە پارێزگاکەدا ڕاگەیاندووە. هەموو شارەکانی لوڕستان کاریگەریی ئەم پیسبوونەیان لەسەرە.''

ناوبراو هۆشداری داوە کە ئەم تۆز و خۆڵە بۆ گرووپە هەستیارەکان لەوانە کەسانی بەساڵاچوو، منداڵان و ئافرەتی دووگیان و نەخۆشانی دڵ یان سییەکان، زۆرترین مەترسیی هەیە.

بەو حاڵەوە، سەرەڕای هۆشداری زانستی و ناڕەزایی میدیایی و دەنگی کزکراوی خەڵک، هێشتا هیچ پلانێکی تۆکمە و هەنگاوێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە نەگیردراوەتە بەر.