
داواکاریی نەرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نوبێلی ئاشتی، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرنج خستنەسەر و بە بەڵگەمەندکردنی تێرۆر و بێسەروشوێنکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوە.
نەرگس محەممەدی بەندکراوی سیاسی و براوەی خەڵاتی نوبێل لە نامەیەکدا بۆ فولکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، سارا حوسێن، بەرپرسی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان، سەرکوتی سیستماتیک و هەوڵی تێرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، گیانی زۆربەی دژبەرانی خۆی و چالاکانی سیاسیی خستووەتە مەترسییەوە و کۆمەڵێکی دیکەیشی تێرۆر کردووە".
محەممەدی لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکردن لە بەندکراوانی ئایینی لە بەندیخانەکانی ئێران، کوشتنی گوماناوی لە نێو ئێران و هەوڵە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا، داوای لەم ڕێکخراوە کردووە تاکوو هەموو ئەم هەوڵانە بە بەڵگە بکرێت و بە وردی دۆکیۆمێنتی بۆ ساز بکرێت.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا بە پشتبەستن بە دەرکرانی حوکم بۆ دوو تاوانبار لە ئەمریکا بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی مەسیح عەلینژاد، ڕۆژنامەوانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تاکوو بابەتی تێرۆرکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بخاتە سەرووی هەمووی لێکۆڵینەوەکانی خۆیەوە.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەزاران کەس لە دژبەران خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تێرۆر کردووە کە تەنیا ٣٨٠ حاڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا بووە.
بەهۆی نەبوونی بەڵگە و کەینوبەینی ڕێژیمی تاران لەگەڵ هێندێک لە وڵاتان، زۆربەی دۆسییەکانی تێرۆری کۆماری ئیسلامی بە ئاکام نەگەیشتووە و بە شێوەی فەرمی تۆمار نەکراوە.
نەرگس محەممەدی لە کۆتایی نامەکەیدا بەدۆکیۆمێنتکردن و کۆکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانەی بە مەرجێکی پێویست بۆ ڕەوتێکی دێموکراتیک و ئاشتیخوازانە لە ئێراندا زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران تاکە ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە پارێزراویی بەرپرسیاران و فەرماندەرانی سەرکوت لە ئێرانە.