
هەڵمەتی " سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان"، لە حەفتەی ٦٤ی چالاکییەکانیدا، بە پەیوەستبوونی بەشی ژنانی زیندانی زاهێدان و زیندانی ئەزبەرمی لاهیجان، بازنەی چالاکییەکانی بۆ ٤٠ زیندان فراوانتر کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەو هەڵمەتە، تەنیا لە ١٩ و ٢٠ی خاکەکێوەی ئەمساڵدا، ١١ و ١٨ زیندانی لە ئێران لەسێدارە دراون.
ئەم لەسێدارەدانانە لە دۆخێکدا ڕوویان داوە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە ئێراندا هۆشدارییان داوە.
پێنج زیندانی سیاسیی_ عەقیدەتی و هەروەها عەلی دێهانی، گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵی بەلووچ کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ و دوای ڕووداوی "هەینیی خوێناوی" لە زاهێدان دەسبەسەر کرابوو، بەبێ مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە سێدارە دران.
لە کردەوەیەکی دیکەدا کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، منداڵێک کە لە کاتی ئەنجامی تاواندا تەمەنی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بوو، لە زیندانی گونبەدی کابووس لە سێدارە درا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژمارەی زیندانییانی بەلووچ کە تەنیا لە نێوان ١٩ بۆ ٢٥ی خاکەلێوە لە سێدارە دراون، گەیشتووەتە ١٨ کەس، ئامارێک کە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە دژی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران زیاتر کردووە.
هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان، داوای لە هەموو ناوەندە مافی مرۆڤ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە وڵامێکی جیددی بەم ڕەوتە نیگەرانکەرە بدەنەوە.
ئەو هەڵمەتە پێی وایە کە چاوپۆشیکردن لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، ڕێگا بۆ لەسێدارەدانی زیاتر و سەرکوتی فراوانتر خۆش دەکات.