
ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووە کە پرسی گواستنەوەی ئۆرانیۆمی ئێران بۆ وڵاتی سێهەم یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە و لە ئێستادا ناکۆکیی لەسەرە.
ڕۆژنامەی گاردیەن ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئێران دژایەتیی پێشنیاری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ وڵاتی سێیەم وەک ڕووسیە بکات.
ڕۆژنامەی گاردیەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پلانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنگتۆن بۆ کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکییە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو پرسە کە وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی داهاتوو سەیر دەکرێت، لە دانوستانە سەرەتاییەکان کە تا ڕادەیەکی زۆر ناڕاستەوخۆ بوون، لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ مەسقەت ورووژێنرا.
ئێران داوا دەکات کە ئەو ئۆرانیۆمەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا پیتاندوویەتی و پاشەکەوتی کردووە، پێویستە لە ژێر چاودێریی توندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێراندا بمێنێتەوە. تاران ئەمە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی یان جۆرێک لە گەرەنتی دەبینێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری کشانەوەی دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە (وەک چۆن ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨دا کردی) ئەو ڕێژە ئۆرانیۆمەی لەبەر دەستدا هەبێ.
هەروەها تاران هۆشداریی داوە لە ئەگەری لابردنی ئۆرانیۆمی پاشەکەوتکراو و کسانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە، ئێران ناچار دەبێت پرۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی خەست لە سفرەوە دەست پێ بکاتەوە.