کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە بڕینی کارەبا،١٧٠ هەزار میلیارد خەساری بە خەڵک گەیاندووە

11:37 - 28 خاکەلێوه 2725

پەیام باقری، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی، سەبارەت بە بچڕانی کارەبا لە ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بڕینی کارەباوە نزیک بە ١٧٠ هەزار میلیارد خەسار بە پیشەسازییەکان گەیشتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەی جێگری ژووری بازگانیی ئێران سەبارەت بە خەسارەکانی بچڕانی کارەبا بۆ سەر کار و پیشەی خەڵک، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی دەوڵەت، باسی لەوە کردووە کە خەڵک ئامادەکارییەکان بۆ پچڕانی کارەبا زیاتر لە ساڵی ڕابردوو ئەنجام بدەن.

عەلی ئابادی ڕوونی نەکردووەتەوە کە خەڵک بە هاتنی وەرزی گەرما و پێویستی بە کارەبا چ ئامادەکارییەک لە دەستیان دێت تاکوو بەڕەوڕووی بڕێنی کارەباکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە ببن، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە کە لە دۆخێکی قەیراناویدان.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە وزەخانە ئاوییەکان نیوەی ساڵی ڕابردوو دەتوانن کارەبا بەرهەم بهێنن و خەجتیشی کردووەتەوە کە ئەم دۆخە لە هاویندا قەیراناویتر دەبێتەوە.

نۆژەننەکردنەوەی وزەخانەکان و کۆنبوونی ژێرخان و سیستمی گواستنەوەی کارەبا سەرەکیترین هۆکارەکانی قەیرانی نەبوونی کارەبا لە ئێرانە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەیان هەبوو کە بە بوودجەیەکی گونجاو ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا گەشە پێ بدەن بەڵام بەهۆی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی ڕێژیم، زۆربەی بوودجەی ئێران خەرجی هێزە چەکدارەکان و گرووپە میلیشیاکانی تاران کراوە.

بەرپرسانی دەوڵەت ڕایانگەیاندووە کە کێشەی کارەبا بە یەک ساڵ و دوو ساڵ چارەسەر نابێت و هاووڵاتییان دەبێت ماوەیەکی درێژ چاوەڕوان بن تاکوو قەیرانی کارەبا لە ئێران چارەسەر بکرێت.