
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینێک لەسەر ڕێگای ''وادی ئەلحەجیر'' لە باشووری لوبنان، ئەندامێکی حیزبوڵڵا کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
لە هێرشێکی دیکەدا ئیسرائیل ماتۆڕسکیلتێکی لە شارۆچکەی حانین لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و ئەندامێکی دیکەی حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشی دڕۆنیی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینێک لە وادی ئەلحەجیر کەسێک کوژرا.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنیتییەکانی لوبنان و سوریە دەمێنێتەوە و هەروەها ئاماژەی بەوەشک کرد کە بەپێچەوانەی ڕابردوو ئەرتەشی ئیسرائیل ئەو ناوچانەی کە پاکی کردووەتەوە و داگیری کردوون، چۆڵ ناکات.
حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕەوتی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤ بە توندی لاواز بوو؛ زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی و هەزاران کەس لە هێزەکەی کوژران و بەشێکی زۆری جبەخانەی مووشەکییەکەی لەنێو براوە.
جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر لوبنان ڕابگرێت، ئەو گرووپە ئامادەیە لە چوارچێوەی ستراتێژیی بەرگریی نیشتمانی لەسەر دانانی چەکوچۆڵ وتووێژ بکات.