
ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی بۆ تاران هۆشداری دابوو کە ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی زۆر نزیکە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرانسی کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند: ئەم بابەتە وەک پازڵ وایە، ئێران ئەو پارچانەی پێویستی پێیە لە بەردەستیدایە و ڕەنگە ڕۆژێک بتوانێت پێکەوەیان ببەستێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا مەودایەک بۆ گەیشتن بەو قۆناغە ماوە، بەڵام مەودایەکی دوور تا گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نییە و دەبێت ئەم ڕاستییە قەبووڵ بکەین.
گروسی زیادی کرد: بۆ بە قەناعەتگەیاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنیا بەس نییە بڵێین ئێمە چەکی ئەتۆمیمان نییە؛ دەبێت دەرفەتێک بۆ پشتڕاستکردنەوە و سەلماندنی ئەو بابەتە بڕەخسێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاوی کردەوە، ڕافائێل گروسی کە دوایین سەردانەکەی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نۆڤامبری ساڵی ڕابردوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە جارێکی دیکە گەیشتە تاران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گروسی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە و وتووێژ دەکات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە شەممەی داهاتوو خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە "ڕۆم" بەڕێوە بچێت. بابەتێک کە تلویزیۆنی فەرمیی ئێرانیش پشتڕاستی کردووەتەوە.
ئەو وتانەی گروسی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە پرسی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێراندا لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا بۆ دانوستان نابێ.
هەروەها ناوبراو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەگەر لایەنی ئەمریکی بەردەوام بێت لە دەربڕینی هەڵوێستی دژبەیەک، ئەوا پرۆسەی دانوستان بەرەوڕووی سەختی زیاتر دەبێتەوە.
عێراقچی هەروەها جەختی لە ئامادەیی ئێران کردەوە بۆ سەلماندنی متمانە لە وڵامی نیگەرانییەکاندا و زیادی کرد: ئەمریکا بە سەپاندنی گوشار هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر دانوستانەکان لە کەشێکی هاوسەنگدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بەردەوام بن، ئەگەری بەردەوامییان هەیە.
ئەو قسانەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە ستیڤ ویتکاف، ڕاوێژکاری تایبەتی ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی شاندی ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت چوارچێوەیەکی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بخاتە ڕوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران دەبێت پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرنامەی چەکەکانی ڕابگرێت.