کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان

11:53 - 28 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە حاجی محەممەد ڕەشید کاریگەر ناسراو بە ''حاجی ڕەشە'' کەسایەتی دیار و ناسراوی ژاوەرۆی مەریوان لە تەمەنی ۹٨ ساڵیدا بە هۆی بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

حاجی محەممەد ڕەشید کاریگەر کوڕی خواکەرەم، ساڵی ١٣٠٦ی هەتاویی لە ئاوایی سەرهوویە لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان لە دایک بووە.

نابراو کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵایەتی و جێگای متمانە و ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو و لە گرفتەکاندا جێگای پرس و ڕاوێژی خەڵکی ناوچە بوو، لە ناو خەڵکی خۆیدا پیاوێکی خاوەن حورمەت بوو.

حاجی ڕەشە پیاوێکی نیشتمانپەروەر و ئەندامیکی چالاکی حیزب لە ناوچەی ژاوەرۆ بوو، ساڵانی شەست و حەفتای هەتاوی ماڵ و سفرە و باخی حاجی ڕەشە مەکۆی ئەمن و ئەمانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات بوو و لە هیچ فیداکاری و ئەرکێک لەپێناو نەتەوە و نیشتمانەکەی درێغی نەکردووە.

دانیشتنەکانی کۆچکردوو حاجی ڕەشە وانەیەک بوون بۆ فێر بوون و هەمووکات لاوان لە مەجلیسیدا ئامادە بوون و فێر دەبوون کە نەتەوە و نیشتمان و پێشمەرگەیان خۆش بوێت. بیرەوەریەکانی حاجی لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزب و قسە و بەسەرهاتە خۆشەکانی ئێستاشی لەگەڵ بێت لەلایەن پێشمەرگە و خەڵکەوە زار بە زار دەگەڕێن و بەشێکن لە یادەوەری و مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان لە ژاوەرۆ.

تەرمی حاجی ڕەشە لە ئاو ئاپۆڕای خەڵکی سەرهوویە و گوندەکانی دەورووبەر بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.