
پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندام و تێکۆشەری دێرینی حیزب و هەروەها باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بەناوی مام حەسەن حەوتەوانە پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
مام حەسەن حەوتەوانە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و پاشان لە کۆماری کوردستان وەک ئەندامێکی چالاکی کۆمار تێکۆشاوە .
دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان بۆ ماوەی ۷ ساڵ لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوی دەگیرێت. دواتر لە شۆڕشی گەلانی ئێران و کوردستان دژی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی لە پیرانشار و نەغەدەش بەشدار دەبێت.
دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، مام حەسەن چالاکییەکانی بە تایبەتی لە پیرانشار وەک هاوکاری تەشکیلاتی حیزب دەست پێ دەکاتەوە و جارێکی تر دەبێتەوە پێشمەرگە.
دوو کوڕی مام حەسەن بە ناوەکانی عەبدوڵڵا حەوتەوانە و عومەر حەوتەوانە لە پێناو ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوون.
پاش شەهیدبوونی کوڕەکانی مام حەسەن لەلایەن حیزبەوە بە مەبەستی ئاگا لێبوون و پێڕاگەیشتن بە بنەماڵەکەی دەنێردرێتەوە، بەڵام هەر وەک پێشمەرگە دەمێنیتەوە.
پاشان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و دەکەوێتە ژێر ئازار و ئەشکنجە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.