کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی سیستمی بانکی لە ئێران/ بانکەکان وام بە خەڵک نادەن و هەڵیدەگرنەوە بۆ خۆیان

16:31 - 28 خاکەلێوه 2725

دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ئێران دەریخستووە کە زۆربەی وامەکان لەلایەن بانکەکانەوە بە کەسانی نزیک بە دەسەڵات دراوە تاکوو ئەو هاووڵاتییانەی کە پێداویستییان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی، ساڵی رابردوو ٣٣٩ هەزار میلیارد تمەن وام لەلایەن بانکەکانی ئێرانەوە ڕادەستی ئەو شیرکەت یان کەسانەی کراوە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سەر بڕیارەکانی ئەم بانکگەلە کاریگەرییان هەبووە.

بانکی "ئایەندە" بە زیاتر لە ٨٥ هەزار میلیارد تمەن وام بە کەسانی نزیک لەم بانکەوە، لە سەرووی ئەم خشتەیەدایە.

ئەم بانکە زیاتر لە ٦٦ لە سەدی وامەکانی خۆی داوەتە پڕۆژەی "ئێران ماڵ" کە بە وتەی توێژەرانی ئابووری یەکێک لە گەندەڵترین پڕۆژە ئابوورییەکانی ئێرانە کە لە ڕێگەی ئەم وامگەلەوە دروست کراوە.

بەپێی زانیارییەکان ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی "ئێران ماڵ" لە پێناوی وامەکانی خۆی بە بانکی ئایەندە، ٩٨ لە سەدی خاوەندارێتی پڕۆژەکەی ڕادەستی بانک کردووەتەوە.

بەم پێیە بانکی ئایەندە بەشی هەرە زۆری وامەکانی خۆی ڕادەستی خۆی کردووتەوە و ئەمەش لەکاتێکدا کە هەزاران هاووڵاتی کە پێویستیان بە وام بووە، ماوەیەکی درێژ بۆ وەرگرتنی وامگەلێکی چەند میلیۆنی هاتووچوویان پێ کراوە.

بەم پێیە نەک تەنیا بانکی ئایەندە بەڵکوو زۆربەی بانکەکانی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونەتە دەغیلەی کەسایەتییە باڵاکانی دەسەڵات، بنەماڵەکانیان، کەسانی نزیک لە خۆیان و پشکدارانی دامەزراوەکانی سەر بەو بانکانە.

لەم پیوەندییەدا ئەمیرحوسێن سابتی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕۆژانی ڕابردوودا وتبووی: "هێزتان بە ترامپ و دەوڵەتی ئەمریکا ناشکێت تاکوو پارەکانی ئێران لە قەتەر ئازاد بکەن کێشە نییە، بچن بۆ گیان ترامپە نێوخۆییەکانی وەک عەلی ئەنساری و ئەو کەسانەی کە بۆ وامێکی ٥٠ میلیۆن تمەنی چەند مانگ هاتووچوو بە خەڵک دەکەن".

عەلی ئەنساری، خاوەنی بانکی ئایەندە و خاوەنی سەرەکیی پڕۆژەی ئێران ماڵە.

 

بە وتەی کارناسانی ئابووری، سیستمی بانکیی ئێران ئەمڕۆکە لەگەڵ گەندەڵییەکی سیستماتیک لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتدا بەرەوڕوو بووەتەوە بە شێوەیەک کە بانکەکان لە جیاتی ئەوەی کە ببنە هۆی گەشە و ئاوەدانی، بوونەتە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی پارە لەلایەن بەرپرسانی باڵای دەسەڵات، بنەماڵەکانیان و ناسیاوەکانیانەوە.