کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی لاوێکی نیشتمانپەروەر لە بانە

19:05 - 29 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاک هەژار عەزیزنژاد، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پاژین لە بانە بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای ڕەبەت بۆ مەهاباد گیانی لەدەست دا.

لەم ڕووداوەدا کاک حوسێن عەزیزنژاد باوکی کاک هەژاریش گیانی لەدەست داوە و دایکیشی بریندار بووە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە .

هەژار عەزیزنژاد، لاوێکی دڵسۆز، نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو کە هۆگرییەکی تایبەتی بە ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملووی نەمر هەبوو و ئەمە وای کردبوو کە هەژار خولیای خوێندنی ئابووریی هەبێ و لە زانکۆی ورمێدا خوێندی خۆی لە بواری ئابووریدا تەواو کرد.

کاک هەژار ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی پاژین لە بانە بوو، لای خەڵک خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبوو و خەمخۆرییەکەی بۆ نیشتمان، رێزی ناوبراوی لای خەڵک زۆر زیاتر کردبوو.

تەرمی کاک هەژار و باوکی هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی سلێمان بەگی بانە و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەوەری بانە و شارەکانی دیکەی کوردستاندا بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی پاژین لە بانە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.