
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ خاكەلێوەی ١٤٠٤، كاک ئەحمەد تارئابادی ئەندامی دێرینی حیزب و كەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵكی گوندی كانی شقاقان سەر بە ناوچە ئاڵەشینی بۆكان لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا و بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان كرد.
كاک ئەحمەد كەسێكی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو کە ھەتا دوایین ساتەكانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەھیدان مایەوە.
ناوبراو لە سەردەمی شۆڕشی چەكداریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا دەرگای ماڵەكەی بە ڕووی پێشمەرگەكانی حیزبدا ھەمیشە كراوە بوو و ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی كادر و پێشمەرگەكانی ھێزی بەیان بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.