
میدیاکانی حوسییەکان ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە، ڕایانگەیاند لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری نەوتی ڕەئس عیسا، ٧٤ کەس کوژران و ١٢٦ کەسیش بریندار بوون.
ئەم بەندەرە کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، دەکەوێتە پارێزگای ئەلحودەیدە لە کەنارەکانی دەریای سوور.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام) هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم عەمەلیاتە "لەنێوبردنی دابینکردنی سووتەمەنیی حوسییەکان و داهاتی نایاسایی" بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێدپرێس، ئەم هێرشە یەکێک لە کوشندەترین عەمەلیاتەکان بوو کە لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی نیزامیی نوێی ئەمریکا لە ١٥ی مارسەوە لە دژی حوسییەکان ئەنجام دراوە.
کاناڵی ئەلمەسیرە کە سەر بە حوسییەکانە، وێنەی تەرمی قوربانییانی شوێنی هێرشەکەی ئەمریکای بڵاو کردەوە. حوسییەکان ژمارەی کوژراوانیان ٧٤ کەس و بریندارانیان ١٢٦ کەس ڕاگەیاند.
دەوڵەتی ترامپ ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانەش بەشێکن لە گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بە تایبەت لە سەروبەندی خولی دووهەمی دانوستانەکانی واشنگتۆن و تاران کە بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوە لە ڕۆمی پێتەختی ئیتالیادا بەڕێوە بچێت.