کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان: هەر کەس لە لوبنان خوازیاری چەکدانانی ئێمە بێت بەرەوڕووی دەبینەوە

10:39 - 30 خاکەلێوه 2725

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، بابەتی دانانی چەکی لەلایەن ئەم گرووپە میلیشیای سەر بە تارانەوە ڕەت کردووەتەوە و هەڕەشەی لەو کەسانەش کردووە کە لە لوبناندا خوازیاری ئەم داواکارییە بن.

ئەم سەرکردەی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە چەکدارییە لەگەڵ هەر کەس و لایەنێک کە خوازیاری چەکدانانی حیزبوڵڵا بێت بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ناوبراو زیادیشی کردووە کە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا لە پێوەندیی لەگەڵ ناوچە باشوورییەکانی لوبنان و باشووری ڕووباری "لیتانی"ـیە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە یەکێک لە بەندەکانی ئاگربەستی نێوان دوو لایەن هاتبوو کە حیزبوڵلای لوبنان دەبێت چەک بکرێت.

هەر لەم ڕێککەوتنەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل دەبوو لە ماوەی دوو مانگدا بە تەواوەتی لە ناوچە باشوورییەکانی لوبنان بۆ نێو خاکی ئیسرائیل پاشەکشێی کردبایە.

بەرپرسێکی حیزبوڵڵا ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە بەرپرسانی لوبنانی ئاگادار کردووەتەوە کە تا کاتێک ئیسرائیل بە تەواوەتی لە نێو خاکی لوبنان پاشەکشێ نەکات، ئامادە نین کە چەک دابنێن.

پاش شکستی قورسی حیزبوڵڵا و کوژرانی زۆربەی فەرماندە و سەرکردە باڵاکانی ئەم گرووپە، لەوانە ڕێبەری حیزبوڵڵا و جێگرەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەم گرووپە ناوچە سنوورییەکانی بەروە باکووری لوبنان بەجێ هێشت.

هەروەها پاش هاتنەسەرکاری جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری نوێی لوبنان، بابەتی قۆرخی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و پەرەدان بە دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەر هەموو ناوچەکانی لوبنان، جەختی لە سەر کراوەتەوە.

لە ئێستادا و پاش کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا، بەرپرسانی ئەم گرووپە باس لەوە دەکەن کە ئامادەی چەکدانان نین.