کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: بژاردەی نیزامیی سنوورداری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەروا لە ئارادایە

11:07 - 30 خاکەلێوه 2725

چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خولی دووهەمی وتووێژەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ڕۆم؛ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی ئیسرائیل هێشتا بیر لە بژاردەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا دەکات و ڕەتی نەکردووەتەوە.

ئەو میدیاییە زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ترامپ لە دیدارێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ نێتانیاهوو ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا پشتیوانی لە هێرشێکی لەو شێوەیە ناکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە دەتوانن هێرشێکی سنووردار بۆ سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران ئەنجام بدەن کە پێویستییەکی کەمتری بە پشتیوانی ئەمریکا هەبێت.

ڕۆیتێرز نووسیویەتی ئەم عەمەلیاتە بچووکترە لەو سیناریۆ سەرەتاییانەی کە پێشتر بە واشنگتۆن پێشنیار کرابوون.

ئەو ڕاپۆرتە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیییەتی کۆماری ئیسلامییەوە نووسیویەتی: ''زانیاریی باوەڕپێکراومان لەبەردەستە کە ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر شوێنە ناوکییەکانی ئێران دادەڕێژێت. هێرشێکی لەو شێوەیە لەگەڵ وڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە".

یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی وتووێژی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە، بابەتێک کە پێشتر ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو ئەگەر ڕێژیمی ئێران لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی بەردوام بێت و بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەروە نەگات، ڕووبەرووی هێرشی نیزامیی دەبێتەوە.