کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆمپانیایەکی چینی وێنەی ماهوارەیی ڕادەستی حوسییەکانی یەمەن دەکات

12:06 - 30 خاکەلێوه 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆژیی ماهوارەیی چینی ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە هێرشە تیرۆریستییەکانی حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن، لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: کۆمپانیایەکی چینی وێنەی مانگی دەستکرد پێشکەشی حوسییەکان دەکات و ئێمەش ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەین.

لە لایەکی دیکەوە پێشتریش ڕۆژنامەی فایننشیاڵ تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی بڵاوی کردبووەوە کە کۆمپانیای ماهوارەیی چانگگوانگ و سەتەلایت تەکنۆلۆژی، کە پەیوەندیی بە ئەرتەشی چینەوە هەیە، وێنەی مانگی دەستکرد بۆ گرووپی حوسییەکان دابین دەکات بۆ ئەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا بکەنە ئامانج.

بە وتەی بروس، چین هەموو کات هەوڵی داوە خۆی وەک ئاشتیخوازێکی جیهانی نیشان بدات، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پەکن و کۆمپانیاکانی چین پاڵپشتی ئابووری و تەکنیکی جەوهەری پێشکەش بە ڕێژێمەکانی وەک ڕووسیە و کورەی باکوور و ئێران و هێزە نیابەتییەکانی دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتی پێکەن لەو کۆمپانیاکە "تەنانەت دوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان لەسەر ئەم پرسە" بە کارەی بە "قەبووڵنەکراو" ناو برد و دەشڵێت: داوا لە هاوبەشەکانمان دەکەین نەک بە قسەی خۆیان بەڵکوو بە کردارەکانی هەڵسەنگاندن بۆ حیزبی کمۆنیستی چین و کۆمپانیا چینییەکان بکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕویتێرز، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنگتۆن وڵامی ئەم لێدوانانەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئاگاداری ئەم بابەتە نین و بەو هۆیەوە هیچ لێدوانێکی نەدا و کۆمپانیایی چانگگوانگ لەو پێوەندییەدا وڵامی لێدوانی ئەم ئاژانسە هەواڵییەی نەداوەتەوە.

 

هەروەها لە هەمان کاتدا حکوومەتی ئەمریکا بەهۆی پاڵپشتی دارایی لە حووسییەکان و هەروەها هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو گرووپە سزای خستە سەر بانکی نێودەوڵەتی یەمەن.

دوابەدوای ئەوە ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە هيرشی کرد سەر بنکەی حوسییەکان، و ئەو گرووپە چەکدارە ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوێکی نەوتی لانیکەم ٥٨ کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە.

لەم پێوەندییەدا تامی بروس ڕایگەیاند ئەمریکا پابەندە بە پەکخستنی تۆڕی دارایی حوسییەکان و دەستڕاگەیشتنی بە بانک، هەروەها سزاکانی سەر بانکی نێودەوڵەتی یەمەن بەشێکن لە سیاسەتی هەمەلایەنەی حکومەتی ئەمریکا بۆ پەکخستنی تۆڕی هەڕەشەکانی ئێران.