کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی جەیشولعەدل لە هێرشێکی دڕۆنیی ڕێژیمدا

12:09 - 30 خاکەلێوه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی "حاڵوەش"، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە لە هێرشێکی دڕۆنیی ڕێژیم بۆ سەر چوار گوندی دەورووبەری زاهێدان فەرماندەیەکی جەیشولعەدل کوژراوە و ١٨ کەسیش دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە وەلیمحەممەد محەممەد زێهی کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بۆ گوندی سوورنایی گەڕابوویەوە، لەم هێرشەدا کوژراوە.

ناوبراو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بەدواداچوونی بۆ کرابوو.

جیا لە کوژرانی محەممەدزێهی، حاڵوەش باسی لە دەسبەسەرکرانی ١٨ کەس کردووە کە چەند کەسیان مێرمنداڵن.

هاوکات هەواڵدەریی "تەسنیم"ـی سەر بە ڕێژیم کەسایەتیی فەرماندەی کوژراوی جەیشولعەدڵی بە "وەلیمحەممەد شەهبەخش" ڕاگەیاندووە و زیادیشی کردووە کە ناوبراو چەند ساڵێکە ڕۆڵی سەرەکیی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئەستۆیە.

تەسنیم کوژرانی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بە ناوی "ئیسحاق موختاری"ـی لەم تێکهەڵچوونەدا پشتڕاست کردووەتەوە.

تاکوو ئێستا ڕێکخراوی جەیشولعەدل هیچ زانیاری و کاردانەوەیەکی سەبارەت بە کەسایەتیی کوژراوی هێرشەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

جەیشولعەدل ڕێکخراوێکی سوننە مەزهەبی بەلووچە کە بۆ ئازادیی هاووڵاتییانی بەلووچ، بە دژی ڕێژیمی داگیرکەر لە ناوچەکانی بەلووچستان خەبات دەکات.