کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی کوردپەروەر لە کرماشان

10:27 - 31 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، دایە تووبا جەوانمیری، دایکی بنەماڵەی دیاری زەحمەتکش و دایکی توێژەری یارسانی مامۆستا نیعمەت زەحمەتکش، خەڵکی گوندی حەسەن سۆلیمان لە مەنتەقەی داڵاهو سەر بە پاریزگای کرماشان، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە تووبا، ژنێک لە ئێڵی گەورەی گۆران و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و ماندوونەناس، نەک هەر دایکێکی دڵسۆز بۆ ١٤ منداڵەکەی بوو، بەڵکوو پەنایەک بۆ خزم و ناسیاو و دانیشتوانی ناوچەکە بوو. میوانداری و میهرەبانی و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە بەهاکانی یارسانیدا وای لێ کرد کە کەسایەتییەکەی بەردەوام لە یادەوەری کۆمەڵایەتیدا بمینێت.

ڕێوڕەسمی پرسەی ناوبراو دەرکەوتێکی ڕوونی پەیوەندیی نێوان ئایین و کولتوور بوو لە نێو پەیڕەوانی یارساندا. ئایینێک کە مردن وەک کۆتایی نابینێت، بەڵکوو وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان لە فۆرمێکی جیاوازدا دەبینێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە مەراسیمەکە نەک بە ماتەمینی و شین و شیوەن، بەڵکوو بە دەنگی تەمۊرە و خۆیندنەوەی کەلامی یارسان و  ماڵاوایی بو دەستپیکی ژیانی تازە بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی بەرچاوی خەڵک لە هەرێمی کوردستانی باشوور و شارە جۆراوجۆرەکانی ئیران و ڕۆژهەڵات، کرماشان و ناوچە نزیک و دوورەکان بەڕێوە چوو.

 ئامادەبوونی بەهێزی میوانانی پێکهاتەکانی شیعە و سوننە شانبەشانی خەڵکی یارسانی، دەرکەوتنی هاوسۆزی و ڕێزگرتنی یەکتر و یەکگرتوویی کولتووری بوو لەم ڕێوڕەسمە ڕۆحییەدا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.