
حەماس پێشنیاری ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی لە کەرتی غەززە ڕەت کردەوە.
خەلیل ئەلحیە، بەرپرسی باڵای حەماس لە لێدوانێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە هیچ ڕێککەوتنێکی بچووک قەبووڵ ناکەن و لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە شەڕدا بەدوای ڕێککەوتنی گشتگیردا دەگەڕێن.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بەهۆی ئەوەیکە ئیسرائیل و حەماس نەیانتوانی لەسەر مەرجەکانی قۆناغی داهاتوو ڕێک بکەون، دوایین خولی ئاگربەست کۆتایی هات.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاییەکانی ئیسرائیل، ئەلحیە ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتن ڕاگەیاندووە کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕ لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕۆژنامەی ''جرۆزاڵم پۆست''ـی ئیسرائیل، پێشنیاری ئێستای ئیسرائیل بریتی بووە لە ئازادکردنی ١٠ بارمتە لە بەرامبەر ئاگربەستی ٤٥ ڕۆژە.
هاوکات بەپێی سەرچاوە فەلەستینییەکان، لە دوو هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە، شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری پێش هێرشە نوێیەکان، چەندین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە کردە ئامانج و بە دەیان کەس کوژران.
پاش هێرشی تێرۆریستیی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢و کوشتنی ١٢٠٠ کەس و هەروا بەبارمتەگرتنی نزیک بە ٢٥٠ کەسی دیکە، ئەرتەشی ئیسرائیل بەمەبەستی ئازادکردنی بارمتەکان و لەنێوبردنی حەماس هێرشی کردە سەر غەززە.