
به‌پێی ڕاپۆرته مافی مرۆییه‌کان، هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر چه‌ند گوندێکی پارێزگای سیستان و به‌لووچستان و به‌و هۆیه‌وه زیاتر له ٢٦ که‌سیان ده‌سبه‌سه‌ر کردووه و له ئاکامی ئه‌و ڕه‌شبگیرییه‌دا ئه‌ندامێکی هێزه‌کانی ڕێژیمیش کوژراوه.
ڕێکه‌وتی ٢٩ی خاکه‌لێوه، هه‌واڵده‌ریی "حاڵوه‌ش" که پێشێلکارییه مافی مرۆییه‌کانی به‌لووچستان ڕووماڵ ده‌کات، له دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرده‌وه که هێز و ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر گونده‌کانی چاهـ ئه‌حمه‌د، ئیسماعیل ئاباد، سورنایی و قه‌لعه‌بیدی سه‌ر به شاری زاهیدان و لانیکه‌م ٢٦ شارۆمه‌ندی به‌لووچیان ده‌سبه‌سه‌ر کردووه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته، ئه‌و هێزانه‌ی ڕێژیم به‌بێ نیشاندانی حوکمی یاسایی سه‌ره‌ڕای ده‌سبه‌سه‌رکردنی ئه‌و ٢٦ شارۆمه‌نده به‌لووچه، زۆربه‌ی خانووی ئه‌و گوندانه‌یان پشکنیوه.
"حاڵوه‌ش" شوناسی ٩ که‌س له‌و ده‌سبه‌سه‌رکراوانه‌ی بڵاو کرده‌وه که بریتین له: "عه‌بدوڵڵا شه‌به‌خهش، عومه‌ر شه‌به‌خش، عیسا شه‌به‌خش، داوود شه‌به‌خش، ئه‌حمه‌د شه‌به‌خش، ئه‌سله‌م شه‌به‌خش، ئه‌حمه‌د شه‌به‌خش، ئه‌حمه‌د قه‌نبه‌رزه‌هی، محه‌ممه‌دئه‌مین قه‌نبه‌رزه‌هی و ناسر شه‌به‌خش".
شایانی باسه یه‌کێک له ده‌سبه‌سه‌رکراوان به ناوی عارف شه‌به‌خش ١٩ ساڵه تووشی نه‌خۆشیی ئوتیسمه و ده‌سبه‌سه‌رکردن و به‌کارهێنانی توندوتیژی گیانی ناوبراوی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌کی جیددییه‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌واڵده‌ریی "ته‌سنیمـ"ـی سه‌ر سپای پاسداران بڵاوی کرده‌وه که هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و گوندانه له درێژه‌ی عه‌مه‌ڵیاتی به‌ناو "شۆهه‌دای ئه‌منییه‌ت"دا بووه.
هه‌روه‌ها له‌و عه‌مەڵیاته‌دا هێزه‌کانی ئیداره‌ی گشتیی ئیتلاعاتی و فەراجاش به‌شدار بوون.
ئه‌و هه‌واڵده‌رییه‌ی ڕێژیم کوژرانی ئه‌ندامێکی هێزه دژه‌گه‌لییه‌کانی خۆی به ناوی "ئێسحاق موختاری" پشتڕاست کرده‌وه.