
سەرەڕای دەستپێکی خولی دووهەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، هێشتا ئیسرائیل ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی سنووردار بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی لەبەرچاو گرتووە.
ئاژانسی ڕۆیتێرز ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوە بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی و سەرچاوە نزیکەکانی دانوستانەکان، بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران هێشتا لەسەر مێزی ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە ئێستادا پشتیوانیشی لێ نەکات.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە نادەن ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دیدارەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، هەروەها نێتانیاهۆ ڕایگەیاندووە، دەتوانرێت ئەم ئامانجە لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدی بهێنرێت، بەڵام ئەگەر نا، ئەوە بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتێرز، ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەک پلانی هێرشی پێشکەش بە حکوومەتی ترامپ کردووە، ئەم پلانانە بریتین لە هێرشی ئاسمانی ورد و ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆ بە ئامانجی دواخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێک هەتا ساڵێک.
هەروەها بە پێچەوانەی پلانە بەرفراوانەکانی پێشوو، ئەمجارە ئیسرائیل کەمتر پێویستی بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و بەرفراوانی ئەمریکا هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا ترامپ لە دیدارێکی لەگەڵ نێتانیاهۆ لە کۆشکی سپی، داوای لەبەرچاوگرتنی ڕێگەی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران کرد و ڕایگەیاند کە بەنیازی ئەوە نییە لەم کاتەدا پشتیوانی لە کردەوەی سەربازی بکات. بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، هەموو بژاردەکان لەسەر مێز دەبن.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ترامپ ڕایگەیاند کە پێم وایە ئێران دەتوانێت وڵاتێکی سەرکەوتوو بێت، بەبێ مردن و وێرانکاری. ئەمە یەکەم بژاردەی منە. بەڵام ئەگەر بژاردەی دووهەم هاتە پێشەوە، بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت.
لە بەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، تاران بە تەواوی ئاگاداری پلانە ئەگەرییەکانی ئیسرائیلە و هۆشداری داوە؛ هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ وڵامێکی توند و بێ چەواشەکاری بەرەوڕوو دەبێتەوە.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی لەژێر زەوین پێویستی بە چەکی قورس و پاڵپشتیی بەرفراوانی ئەمریکا دەبێت. تەنانەت هێرشە سنووردارەکانیش ڕەنگە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی بەرنامەی ئێران ڕابگرن.