
ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوە و پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنی دووهەمی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕۆم، پێتەختی ئیتالیا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و بەرپرسی شاندی وتووێژەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سەر ئەرێنیبوون و بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان جەختی کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوەکراوەکان سەبارەت بە دانیشتنی ڕۆژی ڕابردوو، تەوەری سەرەکیی ئەم خولە لە دانیشتنەکان سنووردارکردنی پیتاندنی ئورانیۆم و بەرفراوانکردنی دەسپێڕاگەیشتنەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بووە.
عێراقچی لە یەکەمین لێدوانی خۆی پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە کە پاش چوار کاتژمێر وتووێژکردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی، توانیومانە لە سەر بەشێک لە بنەما و ئامانجەکانی دانیشتنەکە بە لێکتەگەیشتنێکی دوو لایەن بگەین.
بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکوو ئێستا لایەنی ئەمریکایی جگە لە بابەتی ناوکی هیچ شتێکی دیکەی باس نەکردووە وتی: "نێوەڕۆکی وتووێژەکان لە ڕوانگەی ئێمەوە ناوکییە و هیچ باسێکی دیکە جگە لە متمانەدان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکان لەپێناو لابردنی گەمارۆکان، لە ئارادا نییە".
هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم خولە لە دانیشتنەکانی تاران و واشینگتۆن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی لاوازدایە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت کە بە فیڕۆدانی کات دۆخەکە بە قازانجی خۆی بەرەوپێش ببات.
گیدۆن سەعار بە ئاماژەدان بەوەی کە ئیسرائیل پێبەندە کە ڕێگە نەدات کۆماری ئیسلامی دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ئەم ئامانجە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بە ئاکام بگات، لەلایەن ئیسرائیلیشەوە قەبووڵ دەکرێت.
ناوبراو زیادیشی کردووە کە بە بڕوای ئەو کۆماری ئیسلامی بە نیازپاکییەوە نەهاتووەتە نێو وتووێژەکانەوە و دیسان بۆ جارێکی دیکە دەیهەوێت بە ڕێککەوتنێکی لاواز، لە پێبەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی هەڵێت.
هەروەها شەوی ڕابردوو و تەنیا چەند کاتژمێر پاش کۆتاییهاتنی وتووێژەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە پێبەندیی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە کۆماری ئیسلامی پاشەکشێ ناکات.
بێنیامین نێتانیاهوو لەم پێوەندییەدا وتی: "من پێبەندم بەوەی کە ڕێگە نەدەم کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و لەم پێبەندییەشم بە ڕێژەی یەک هەنگاویش پاشەکشێ ناکەم".
نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بەو ڕەخنانەی کە لەسەر هەوڵەکانی بۆ وەدواخستن و خەسارگەیاندن بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتداریی خۆیدا هاتووەتە سەری وتی: "ئەگەر ئەو هەوڵانە نەبوایەت، ئێران ماوەی دە ساڵ لەمەوبەر دەستی بە چەکی ئەتۆمی گەیشتبوو".
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە وتووێژەکان لە ڕۆژی چوارشەممەوە لە ئاستی کارناسان بەڕێوە بچێت و کارناسانی دوولایەن وردەکارییەکان بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنەکە دابڕێژن و پاشان ڕۆژی شەممەی حەفتەی داهاتوو ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ، بەرپرسی وتووێژەکانی دوولایەن لە عومان دانیشتنێکی دیکە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی کۆتایی بەڕیوە ببەن.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی ماوەی دیاریکراو کە بە وتەی سەرچاوەکان دوو مانگە، لەسەر بەرنامە ناوکییەکانی ڕێک نەکەوێت، هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوردومان دەکرێن.