
ئەمڕۆ دووشەممە یەکی بانەمەڕ، ٧٥ ڕۆژە کە ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لە بەندیخانەی ڕێژیم لە شاری بۆکان، دەسبەسەرە.
ناوبراو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ و هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کاک ئەحمەد حەسەنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکاندا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان شەهید کرا. ناوبراو لە ئاخرین ستۆریی خۆیدا لە ئینستاگرام نووسیبووی: "ڕەنگە ئەمە ئاخرین ڕۆژی ژیانم بێ، بۆ بەختەوەری نەتەوەکەم."
لە دوای شەهیدبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە چەندین جار خوشک و باوکی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بانگ کراون.
کاک ئەحمەد حەسەنزادە یەکێک لەو کەسانەیە کە بە هۆی وتە بوێرانە و نیشتمانییەکانی بەتایبەت لە دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی، لای خەڵکی کوردستان خۆشەویستی و پێگەی تایبەتی هەیە.