
ڕۆژنامەی گاردییەن لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوە بڵاو کراوەتەوە، باسی لە ڕۆڵی سەرەکیی ڕووسیە لە ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشینگتۆن کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە جیا لەوەی کە مۆسکۆ وەک شوێنی مەبەست بۆ گواستنەوەی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران دیاری کراوە، لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک ڕۆڵی نێوبژیوان لە نێوان دوو لایەندا دەگێڕێت.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان و لێدوانەکانی نوێنەری دەوڵەتی ئەمریکا لەم دانیشتنانەدا ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی واشینگتۆن ئەوەیە کە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە ئەنجام ببێت هەرچەند کە بە وتەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئەگەری هەیە بەهۆی ئاڵۆزیی بابەتەکەوە ئەم ماوەیە درێژتر ببێتەوە.
گاردییەن لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە کە بەربەستی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بڕیاری کۆتایی لە سەر ئورانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرزی ئێرانە کە چی لێ بکرێت و هەروەها شێوازی گەرەنتیدانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانە.
بە پێی زانیارییەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە، ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە کە ئورانیۆمی پاشەکەوتکراوی ئێران بۆ وڵاتێکی سێهەم وەک ڕووسیە بگوازرێتەوە یان بە گشتی لەنێو ببرێت بەڵام بەرپرسانی ئێرانی لەهەوڵدان تاکوو ئەم پاشەکەوتە لە نێوخۆی ئێراندا بمێنێتەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ گەرەنتییەکانی ئەمریکا بۆ کۆماری ئیسلامی ئەم سەرچاوەیە زیادی کردووە کە لایەنی ئێرانی لە هەوڵدایە تاکوو ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکدا لەلایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت بەڵام ئەم داخوازییە بەهۆی بڕەو و لایەنگریی ئیسرائیل لە نێو ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا، دوورە لە جێبەجێکردن.
وێدەچێت تاران لە جیاتی ئەم داخوازییە بە شوێن ئەوەدا بێت کە گەرەنتییەک لە دەوڵەتی ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان لە ئەگەری چوونەدەرەوەی لە ڕێککەوتنەکە وەربگرێت.
گاردییەن زیادی دەکات کە تەنانەت لە دانیشتنەکەی ڕۆمدا پێشنیارێک لەلایەنی ئێرانییەوە دراوە کە ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە بچێتە دەرەوە ڕووسیە ئەرکدار ببێت ئورانیۆمی پاشەکەوتکراوی کۆماری ئیسلامی بگەڕێنێتەوە.
گاردییەن ئەم ڕۆڵە سەرەکییەی ڕووسیە لەم ڕێککەوتنەدا بە لاوازکردنی ڕۆڵی وڵاتانی بەهێزی ئورووپا وەک بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان دەزانێت کە لە ڕێككەوتنی پێشوودا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕابوو.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەتی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بە پێویستی دەزانێت کە لە یەکێک لە بەرەکاندا بە ئاکامێکی سەرکەوتوو بگات، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران بە ساکارتر لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و حەماس یان ڕووسیە و ئۆکراین دەزانێت.