
لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانی ئابووری و نەبوونی توانایی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی داواکارییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، خانەنشینەکان جارێکی دیکە دەستیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاجیاکان کرد.
خانەنشینکراوان لەم کۆبوونەوانەدا دروشمیان لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە چارەسەرنەکردنی داواکارییە سێنفییەکان و بژێوی ژیانیان بەرز کردەوە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، پۆڵا و کانگاکان ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوە، لە شارە جۆراجۆرەکانی ئێران، لەوانە ئێسفەهان، ئەهواز، تاران، ڕەشت، ساری، شاهروود، شووش، قائیمشار، کرمان و کرماشان بەڕێوە چوو.
''لە خووزستان هەتا گیلان نەمان بۆ کاربەدەستان''، ''ئەی دەوڵەتی درۆزن، کوا بەڵێنەکات''، '' تەنیا لە شەقامەکان، مافەکانمان بە دەست دێت''، نا بۆ ستەم و نەمان بۆ ئەو عەداڵەتە''، ''لە ژێر ستەمدا ژیان ناکەین و لە ڕێگەی ئازادیدا گیان بەخت دەکەین''، بەشیک لە دروشمی خانەنشینان بوو.
لە ساڵانی ڕابردوودا، خانەنشینان و کرێکاران بە بەردەوامی لە شارەکانی ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، خۆپیشاندان و مانگرتنیان سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بەڕێوە بردووە.
بارودۆخی ژیانی کرێکاران و خانەنشینان و مووچە بگیران بووەتە هۆی ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی کۆبوونەوەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هێرانا" لە ڕاپۆرتێکدا لە کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ڕابردووا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسیبووی کە لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ٣ هەزار و ٧٠٢ گردبوونەوە و مانگرتن لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران ڕووی داوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دۆخی بژیوی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات.