
واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم لەگەڵ پۆلیس، کاردانەوەی بەربڵاوی مامۆستایان و چالاکوانانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ئێران عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی "هێزەکانی ئینتزامی"، ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم ڕێگەیان پێ ئەدرێت بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بچنە نێو قوتابخانەکانەوە.
پاش بڵاوەبوونەوەی ئەم هەواڵە شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسی لە لێکەوتە خراپەکانی ئەم ڕێککەوتنە کردووە.
محەممەد حەبیبی وتەبێژی ئەم شۆرایە بە ئاماژەدان بە قسەکانی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم کە خۆی بە سەربازی ئەحمەدڕەزا ڕادان دانابوو ڕایگەیاندووە، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بە توندترین شێوە ئەم هەڵوێستە ئاست نزم و بێزارەکەرە مەحکووم دەکات.
حەبیبی زیادی کردووە کە پەروەردە نابێت ببێتە گۆڕەپانی دەستڕۆیشتوویی هێزە نیزامییەکان و جەختیشی کردووەتەوە کە وەزارەتی پەروەردە موڵکی وەزیری پەروەردە و گۆڕەپانی ڕژەی هێزە سەربازییەکان نییە.
ناوبراو هاتوچۆی هێزە سەربازییەکانی بۆ نێو کەشی پەروەردەیی قوتابخانەکان بە نایاسایی، سەرکوتکەرانە و پێشێلکاریی مافی قوتابییان و مامۆستایان زانی.
وتەبێژی شۆرا هۆشداریی داوەتە وەزیری پەروردە کە ئەرکی ئەو بەرگریکردن لە پێگەی مامۆستایان و ئەمنییەتی دەروونیی قوتابییانە نەک ملکەچکردن بۆ دامەزراوە سەربازییەکان و هەروەها پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە کۆمەڵگای فەرهەنگییان ڕێگە نادەن کە قوتابخانەکان بکرێت بە پادگان.
ڕێژیم لە هەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتننامەیەوە سەرکوتی کچان لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکات.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، بەشێکی زۆر لە قوتابییان بە نووسینی دروشم و گرتنی وێنە بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە پۆلەکانی خوێندن، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم هەوڵەی ڕێژیم نیشان دا.