کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاکس نیووز: بە فڕۆکەی بی ٢ دامەزراوە ژێرزەوییەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج

12:34 - 2 بانەمەڕ 2725

کاناڵی فاکس نیووز بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی هێرشکردنە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران چیتر خەیاڵ نییە و لە ئەگەری هێرشێکدا ئیسرائیل بە ناوگانی فڕۆکەهەڵگری خۆی ئاسمانی ئێران دەکاتەوە و فڕۆکەکانی بی ٢ی ئەمریکاش دامەزراوە ژێرزەمینییەکان دەکەنە ئامانج.

فاکس نیووز نووسیویەتی: ''لە هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا ئیسرائیل زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری ڕەوانەی نزیکەی ٢٠ بنکە لە ئێران لەوانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و کارخانەکانی مووشەک و دڕۆن کرد، لە هێرش بۆ داماڵینی چەکی ناوکی ئێران دیسانەوە تیشک دەخرێتە سەر لەنێوبردنی بەرگریی ئاسمانی.''

ئەو کاناڵە بڵاوی کردووەتەوە ناوگانە فڕۆکەهەڵگرەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لەوانە ''هێری ئێس، ترومەن و کارل وینسۆن'' لە ئێستادا لە ناوچەی کەنداون، ئەوان عەمەلیاتەکان دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام دەدەن، بەڵام دڵنیا بن کە دەتوانن لە هەر ساتێکدا تیشک بخەنە سەر ئێران.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەگشتی کۆگای چەکەکانی ئێران لەژێر زەویدایە، بۆیە لەنێوبردنی تا ڕادەیەک ئەستەمە. بۆیە لە فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری بی ٢ کەڵک وەردەگیرێت کە چەکی وەک بۆمبی سەنگەرشکێن هەڵدەگرێت کە بۆ ڕۆچوون لە خاک و بێتۆن دروست کراوە. جێگیرکردنی بەرفراوانی فڕۆکەی بی ٢ لە هێڵی پێشەوە گرنگییەکی زۆری هەیە."