
پاپا فرانسیس، ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان و یەکەم پاپای خەڵکی ئەمریکای لاتین کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، ڤاتیکان لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیی ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند، کە پاپا فرانسیس لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا و بەهۆی جەڵتەی مێشک و نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.
بەپێی بەیاننامەی ڤاتیکان، پاپا فرانسیس هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی خودا و کلیسا تەرخان کردووە.
ناوبراو بە ناوی ''خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ'' لە ساڵی ١٩٣٦ لە بوینس ئایرێس لە ئارژانتین لە دایک بووە، بە هەڵسوکەوتی خاکەڕایی و بەرگرییەکی پڕ لە سۆز لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی لە کلیسادا ناسرابوو.
فرانسیس کە لە ساڵی ٢٠١٣ وەکوو پاپا هەڵبژێردرا، قۆناغێکی ئاڵۆزی تێپەڕاندووە و هەوڵی چاکسازی لە پێکهاتەی نەریتی کلیسا دەدات؛ هەوڵێک کە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی دژایەتیی کۆنەپەرستان و ڕیفۆرمخوازان بووەوە.
بە سادەیی و خەمی خەڵکی بێداهات ناسراوە، لە نیشتەجێبوون لە کۆشکی پاپادا خۆی دەبوارد و لە شوێنێکی سادەدا دەژیا.
سەرەڕای ڕەخنەکان، بوو بە کەسایەتییەکی جیهانی و لە سەفرە بەربڵاوەکانیدا، گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و ئاشتی و پشتیوانی لە کەمینەکانی بەرەوپێش دەبرد.