
ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە دوای ٧٥ ڕۆژ بەندکران، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە بۆکان، لەگەڵ تەواوبوونی حوکمەکەی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەحمەد حەسەنزادە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" حوکمی سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی بزوتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ئەحمەد حەسەنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و دوای ڕۆژیک بە دانانی بارمتە لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.
کاک ئەحمەد حەسەنزادە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمییەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە. ناوبراو یەکێک لەو کەسانەیە کە بە هۆی هەڵوێست و وتە بوێرانە و نیشتمانییەکانی بەتایبەت لە دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی، لای خەڵکی کوردستان خۆشەویستی و پێگەی تایبەتی هەیە.
ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە کوڕی کاک ئەحەمەد، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و شەهید کرا.