
کەمپەینی بەدواداچوون بۆ مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ی هەوتاوی وەک ناوەندێکی مەدەنی سەربەخۆ بۆ گەیشتن بە مافە یاساییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کاریان دەکرد، بە زۆرەملێ کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێنا.
بێهروز مروەتی، بەڕێوەبەری ئەم کەمپەینە دەڵێت، بێباکیی دەسەڵات بەرامبەر بە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کەمئەندامان و بێهیوایی کۆمەڵگەی کەمئەندامان لە هۆکارە سەرەکییەکانی داخستنی ئەو کەمپەینە بوون.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوە لە ڕۆژنامەی شەرقدا بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی نزیکەی ٩ ساڵی چالاکیی ئەم کەمپەینە، هیچکام لە دەوڵەتەکان گرنگییەکی جددییان بە داواکارییەکانی ئەم گرووپە نەداوە و لە سێ دەوڵەتی ڕابردووشدا نەمانتوانیوە تەنانەت یەک هەنگاویش بەرەو پێشەوە بنێین.
مروەتی وتی کە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرینگەکانی ئەم کەمپەینە کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی یاسای پاراستنی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە لە ساڵی ١٣٩٦بوو. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هێشتا لەلایەن دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی دەبێتەوە.
بەگوێرەی ماددەی ٢٧ ئەم یاسایە پێویستە دەسەڵات بژیوی ئەو کەسانە دیاری بکات کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن یان بێکارن و هیچ داهاتێکیان نییە یان دەبێ بۆ ئەو کەسانە پارەی پێویست بخاتە ناو یاساکانی بوودجەی ساڵانەی وڵاتەوە.
هەروەها کەمپەینی بەدواداچوونی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ساڵانە سەلماندوویانە کە داواکاری و پێداگریکردن و خۆڕاگری هەمیشە وڵامدەر بووە.
بەڕێوەبەری کەمپەینەکە دوای داخستنی ڕایگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە لەمەودوا کێشەکان پەردەپۆش بکرێن یان بڵاو نەکرێن و ئەمە جێگەی نیگەرانییە.
بەپێی دوایین ڕاپرسیی کەمئەندامی کە لە ساڵی ١٤٠٣ بڵاو کرایەوە، نزیکەی ١١.٥٪ی دانیشتووانی ئێران کە یەکسانە بە نزیکەی ١١ میلیۆن کەس، جۆرێک لە کەمئەندامییان هەیە، و نزیکەی ٥٣٠ هەزار کەس کەمئەندامی زۆر جددییان هەیە و تەنانەت کار و داهاتیشیان نییە.