
هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ هاندانی خەڵک بە منداڵداربوون تووشی شکست بووە و حەشیمەتی ئێران بە خێرایی بەرەو پیربوون دەڕوات.
مەرزیە وەحید دەستجردی، نویسکاری "ستادی میللیی حەشیمەت"، ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی گەشەی حەشیمەت لە ئێران لە ئێستادا گەیشتووەتە ٠.٦ لەسەد.
ئەم دابەزینە بەرچاوەی ڕێژەی گەشەی حەشیمەت لەکاتێکدایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕیژیم، لە ساڵانی ڕابردوودا داوای لە بەرپرسانی باڵا کردبوو کە سیاسەتەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت بخرێتە پێشێتی بابەتەکانی دیکەوە.
لە ئێستادا حەشیمەتی ئێران بە خێرایی ٥ قات زیاتر لە گەشەکردن بەرەو پیربوون دەڕوات.
بەپێی پێشبینییەکان ئەگەر ڕێژەی گەشەی حەشیمەت بەم شێوەیە بچێتە پێشەوە، ساڵی ١٤٣٠ی هەتاوی یەک لە سێی حەشیمەتی ئێران تەمەنی ٦٠ ساڵ یان سەرووتر دەبێت.
ئیسکەنەدەر مۆئمێنی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەگەر نرخی گەشەی حەشیمەت لە سەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، لە ٧٥ ساڵی داهاتوودا حەشیمەتی ئێران سەدا پەنجا کەم دەبێتەوە.
نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون، قەیرانی ئابووری، هەژاری و بێهیوایی خەڵک بە داهاتوو، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خەڵکی ئێرانە کە ڕێگە نەدەن منداڵیان ببێت.
پیربوون و دابەزینی ڕێژەی حەشیمەت دەتوانێت پەرە بەم قەیرانانە بدات کە باسیان لێوە کرا.
سیاسەتەکانی ڕێژیم و خامنەیی لە سەرووی هەموویەوە، لە پێوەندیی لەگەڵ هاندانی خەڵک بۆ منداڵداربوون و هەروەها پێشگرتن بە فرۆشتنی کەرەستەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی، بەربەست دروستکردن لە تاقیگەکاندا بۆ تەتەڵەکردنی کۆرپەڵەکانی گیرۆدە بە ئاڵۆزییە بۆماوەییەکان و پێشگرتن لە لەباربردنی کۆرپەڵە، بەگشتی شکستی هێناوە و گەشەی ڕێژەی حەشیمەت بە خێراییەکی زیاتر بەرەو ڕاوەستانی تەواو و گەیشتن بە سفر دەڕوات.