کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یادی ١٢٧ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە شاریی کۆیە

11:40 - 3 بانەمەڕ 2725

ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە بە هاواهەنگی لەگەڵ سەنتەری مێترۆ سێمینارێکی بە بۆنەی یادی  ١٢٧ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە کۆڕگێڕیی دوکتور هۆشمەند عەلی شێخانی و سامان عومەر بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی،  سێمینارێک لە یادی ١٢٧ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  نووسەر و مامۆستای زانکۆ کە لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیەوە ڕێک خرابوو، بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دوکتور هۆشمەند لە ڕوانگەی مێژووییەوە ئاوڕی لە ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەلومەرج و دۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە دایەوە کە چۆن مێقداد مەدەحەت بەدرخان لە وڵاتی میسر یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی دەرکرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک قۆناغی وەرچەرخانی گەشاوە بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد کە لە ماوەی ١١ مانگدا زۆرترین ڕۆژنامەگەریی کوردی بڕەوی پێ دراوە.

دواتر سامان عومەر لە باسەکەی خۆیدا ئاوڕی لە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕۆژنامەگەریی کوردی لە کوردستان دایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەەم سێمینارەدا، بە بۆنەی یادی ١٢٧ ساڵی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕێز لە ژمارەیەک ڕۆژنامەوان گیرا. لەم پێوەندییەدا خاتوو ئاسکە حەسەنزادە، ئەندامی حیزبی دێموکرات کە لە تلویزیۆنی کوردکاناڵ خزمەتی ڕۆژنامەوانی دەکات، لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش کرا.