کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بازرگانێکی ئێرانی و شیرکەتگەلێکی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

12:16 - 3 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سەید ئەسەدوڵڵا ئیمام جومعە، بازرگانێکی گەورەی گازی ئێران و شیرکەتەکانی سەر بە ناوبراوی خستە نێو لیستی گرمارۆکانەوە. ئەم سزا نوێیانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بەردەوامە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەو تۆڕەی سەر بە ئیمام جومعە، لە هەناردەکردنی میلیۆنان دۆلار لە گازی شل و نەوتی خاوی ئێران بە کڕیارانی بیانی بەرپرسیارە. تۆڕەکە خاوەنی کەشتییەکە بەناوی "TINOS I" کە ساڵی ڕابردوو هەوڵی دا بارێک لە بەندەری هیوستن لە ویلایەتی تێکزاس بار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، شیرکەتەکانی ئیمام جومعە سەرەڕای ئەوەیکە وەک نێوەندگیری بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی ئێران کار دەکەن، سەرچاوەیەکی گرینگی داهات بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامەی ناوکیی ئێران و چەکی پێشکەوتووی ئێران بەکار دەهێنرێت، هەروەها پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێت.

خەزێنەداریی ئەمریکا  گەمارۆ نوێیەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی بە پشتبەستن بە فەرمانی گوشارە زۆرینەکانی ترامپ ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەسەدوڵڵا ئیمام جومعە لە ئێران نیشتەجێیە و کوڕەکەی مەیسەم ئیمام جومعە کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی بریتانیایە، لەژێر پەردەی چەند شیرکەت کە بنکەیان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانە، خاوەندارێتی و دەڵاڵی فرۆشتن و گواستنەوە و گەیاندنی گازی شلیان کردووە.

شیرکەتی ''کاسپیەن پێترۆشیمیی ئێف زێد دی'' سەر بە ئیمام جومعە، هەزاران باری گازی شلی ئێرانی هەناردەی پاکستان کردووە و دەیان میلیۆن دۆلاری بازرگانی بۆ یەکێک لە شیرکەتەکانی پترۆشیمی ئێران کردووە.

هەروەها ئیمام جومعە خاوەن و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ٩ شیرکەتی دیکەیە کە سەرجەمیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، لە ئەمڕۆوە سەرجەم موڵک و سامانی ئەو کەسانە و شیرکەتەکانیان لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێت و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵیان قەدەغەیە و پێشێلکردنی ئەو گەمارۆیانە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.