کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تالاری شنۆ لەلایەن ئیتلاعاتەوە بۆ پێنج مانگ پلۆمپ کرا

17:30 - 3 بانەمەڕ 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ، تالاری "شنۆ"ـیان بە هۆی لەملکردنی جامانە و جلی خاکییەوە لە ڕێوڕەسمێکدا، بۆ ماوەی پێنج مانگ پلۆمپ کرد.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی ئاگادار، ماوەی نزیک بە دوو مانگ لەمەوبەر لە ڕێوڕەسمێکی شایی لەم تالارەدا کۆمەڵێک لە ئامادەبووان بە جلی خاکی و جامانەوە بەشداریی ڕێوڕەسمەکەیان کردبوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە ڤیدیۆکانی بۆ چەند ڕۆژێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیبوو، دایە زارا، دایکی شەهید کەماڵ خزری، بە دەستی خۆی جامانە لە ملی بووک و زاوا دەکات.

شەهید کەماڵ خزری لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی لە حەماسە "قەرەسەقەل"ـدا لە شنۆ، شەهید کرا.

ڕێزگرتن لە یادی و ناوی ئەم شەهیدەی حیزب لەلایەن ئیتلاعاتەوە کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە و بەم هۆیەوە ئەم تالارەیان بۆ ماوەی پێنج مانگ پلۆمپ کردووە.

بەپێی زانیارییەکان پێشتریش زاوا و چەند کەس لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە دەسبەسەر کرابوون.